
لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، تومەنی ئێرانی لە بازاڕی هاوتەریبدا بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینی، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا دابەزی بۆ نزیکەی 260 هەزار و 500 تومەن، بەمەش بەهای تومەن بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو کاتێک دۆلار گەیشتبووە 274 هەزار تومەن، بە ڕێژەی 4.93% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
هاوکات یۆرۆ بەرامبەر 291 هەزار و 760 تومەن و پاوەندی بەریتانیش بەرامبەر 348 هەزار و 760 تومەن مامەڵەیان پێوەکرا کە بە هەمان شێوە نیشانەی بەهێزبوونی تومەنە بەرامبەریان.
ئەم بووژانەوەیەی دراوی ئێران دوای زنجیرەیەک لێدوانی ئەرێنیی بەرپرسانی ئەمریکا دێت کە ئەگەری گورزی سەربازیی نوێیان کەمکردەوە، شانبەشانی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان، ئەم هۆکارانەش بوونە هۆی دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی، کەمبوونەوەی خواست لەسەر سەروەتە پەناگەکان و بووژانەوەی ئارەزووی کڕین و سەرکێشی لە بازاڕە داراییەکاندا.
سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، شارەزایان پێیان وایە کە مانەوەی بەهای تومەن لەم ئاستەدا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئایندەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان، لە کاتێکدا ئابووریی ئێران هێشتا لەژێر گوشاری سەختی سزاکانی ئەمریکا، ئاستەنگی هەناردەکردنی نەوت، کێشەی دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی و هەڵئاوسانی بەرزدا دەناڵێنێت.