چوار کەس 378 رۆژ لە “مەریخی ساختە”دا ژیان

چوار خۆبەخش لە تاقیکردنەوەیەکی ناسا-دا 378  رۆژ لە بنکەیەکی بێ پەنجەرە ژیان. بنکەکە لە شاری هیۆستنی ئەمریکا بە چاپی سێ ‌رەهەندی دروست کرابوو، بۆ ئەوەی بزانن ژیان و کارکردن لەسەر مەریخ چ ئاستەنگێکی بۆ تیمێکی بچووک دروست دەکات.

خۆبەخشەکان لەو ماوەیەدا بەروبوومیان چاند، کەرەستەکانی بنکەکەیان چاک دەکردەوە و راهێنانی پیاسەکردنیان لەسەر مەریخ ئەنجام دا. تەنانەت پەیامەکانیان بە دواخستن دەگەیشت. گەیشتنی پەیامێک تا 22 خولەک و وەرگرتنەوەی وەڵامەکەشی تا 22 خولەکی دیکەی دەخایاند.

تیمەکە لە 31ی ئۆکتۆبەری 2026 لە بنکەکە هاتە دەرەوە. ناسا لە 9ی نۆڤەمبەر راپۆرتی ئەزموونەکەی بڵاو کردەوە. لە ماوەی تاقیکردنەوەکەدا، توێژەران زانیارییان لەسەر تەندروستی و کارکردنی ئەندامانی تیمەکە کۆ کردەوە، تا بزانن چۆن لە گەشتەکانی داهاتوودا پشتیوانیی گەردوونگەڕان بکەن.

ناسا ئامانجی ئەوەی هەیە تیمێک بنێرێتە سەر مەریخ  و لە پلانەکانیدا ساڵانی 2030  تا 2039ـی وەک ئامانج باس کردووە. لە بەڵگەنامەی ئامادەکارییەکانی 2026دا دەڵێت هێشتا خەریکی دیاریکردنی پێداویستییەکانی یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ مەریخە.

ناسا لە رێگەی بەرنامەی ئارتێمیس و گەشتەکانی بۆ مانگ، هەنگاو بە هەنگاو ئەزموون کۆ دەکاتەوە. گەشتی مەریخ پێویستی بە کەشتیی ئاسمانی، شوێنی نیشتەجێبوون، سیستەمی پەیوەندی و کەرەستەی پاراستنی ژیانی تیمەکە هەیە. تاقیکردنەوەی 378  رۆژەکە یەک بەش لەو ئامادەکارییەیە. لەسەر زەوی تاقیان کردەوە کە تیمێکی بچووک چۆن بە خۆراک و کەرەستەی سنووردار دەژیت و چۆن کێشەکان چارەسەر دەکات، کاتێک وەڵامی تیمی پشتیوانی دەستبەجێ ناگات.

توێژینەوە لە مەریخ دەتوانێت یارمەتی بدات بزانن ئەو هەسارەیە چۆن گۆڕاوە و ئایا لە رابردوودا ژینگەیەکی گونجاوی بۆ ژیان هەبووە. تیمێکی مرۆیی دەتوانێت لە شوێنەکەدا بەرد و خاک بپشکنێت و بە پێی ئەوەی دەیدۆزێتەوە بڕیار بدات کام نموونە کۆ بکاتەوە و لە کوێ زیاتر بگەڕێت.