بازاڕی پەنهان: کاتێک دەنگ و کورسیی پەرلەمان دەبنە کاڵای کڕین و فرۆشتن

لە سەردەمی کۆماری رۆمای کۆنەوە تا هۆڵەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، کڕینی دەنگ و گۆڕینی کتوپڕی هەڵوێستی سیاسی، سێبەرێکی تاریکی بەسەر کایەی دیموکراسی و هەڵبژاردندا کێشاوە، دیاردەیەک کە مێژوونووسان و چاودێرانی سیاسی وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر متمانەی گشتی بە دەسەڵاتی یاسادانان وەسفی دەکەن.

دیاردەی دەنگ کڕین چەمکێکی نوێ نییە، بەڵکو لەگەڵ تەمەنی خودی سندوقەکانی دەنگداندا گەورە بووە. زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کۆماری رۆمادا، کاندیدەکان لە چوارچێوەی نەریتێکدا کە پێی دەوترا ئامبیتۆس (Ambitus)، بە ئاشکرا گەنم، شەراب و تکتی یارییەکانی گلادیاتۆریان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرد تا دەنگیان پێبدەن، گەندەڵییەک کە مێژوونووسان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داڕمانی کۆمارەکەی دەزانن.

لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەشدا لە بەریتانیا، لە سەردەمی ناسراو بە (ناوچە گەندەڵەکان (بەهۆی نەبوونی دەنگدانی نهێنی، لۆرد و سەرمایەدارەکان بە ئاشکرا و بە بەرمیل بیرە و پارەی نەختینە دەنگی جووتیارەکانیان دەکڕی، تا ئەوکاتەی لە ساڵی 1872دا یاسای دەنگدانی نهێنی چەسپێنرا و تا رادەیەکی زۆر بەربەستی بۆ مامەڵەپێکردنی دەنگدەران دروستکرد.

با زۆر دوور نەکەوینەوە، لە عێراقی پاش رژێمی پێشوو، بەهۆی سیستەمی پشکپشکێنەی مەزهەبی و حیزبی، دیاردەی مامەڵەکردن بە دەنگەوە پێگەیەکی فراوانی لەناو کایەی سیاسیدا داگیرکردووە، بە جۆرێک کە چاودێران ئاماژە بە دوو ڕەهەندی سەرەکی دەکەن:

یەکەم: کڕینی دەنگ لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا

لە بازنەکانی دەنگدان، بەتایبەت لە ناوچە کەمدرامەتەکان و کەمپی ئاوارەکان، کڕینی کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە بەرامبەر بڕێک پارە (کە لە نێوان 50 بۆ 100 دۆلار بووە)، یاخود دابەشکردنی هەزاران فۆڕمی گرێبەستی کاتی لەلایەن وەزیرە باڵادەستەکانەوە لە بەرەبەری هەڵبژاردندا، بوونە بەشێک لە کەرەستەکانی ململانێ و کۆکردنەوەى دەنگی ناشەرعی، ئیتر با فرۆشتنى پلەباڵاکان لە وەزارت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەولاوە بوەستن.

لە هەرێمی کوردستانیش، ئەم هاوکێشەیە رەنگدانەوەی ململانێی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى پێوە دیاربووە، حزبە دەسەڵاتدارەکان لەکاتى دەنگداندا سەخاوەتانە ئیمتیازاتیان بەخشیوەتەوە، لەوانەش پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و پاداشتی دارایی کتوپڕ لەلایەن حکومەتەوە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، و بەکارهێنانی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئاڕاستەکردنی دەنگ بەرەو کورسیی کۆتاکان، بەردەوام جێگەی رەخنەی توندی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بووە.

دیاردەی (پەرلەمانتاری سەربەخۆ) لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا یەکێک بووە لەو فیڵانەى کە لە دەنگدەر کراوە، چەندین کاندید دوای دەرچوونیان لەسەر لیستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، جیاوبوونەوەی خۆیان رادەگەیاندووە، ئەم جیابوونەوەیە زۆرجار هاوکات بووە لەگەڵ دەنگدانیان لە بەرژەوەندیی پرۆژەکانی دەسەڵات، لەوانەش پرسی درێژکردنەوەی ماوەى یاسایی، یان پەسەندکردنی پۆستە باڵاکان، کە تۆمەتی بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی دارایی، ڤێلا، و خانەنشینیی پلە باڵای بەدوای خۆیدا هێناوە.

شارەزایانی بواری یاسایی جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەبوونی یاسای توندی رێگری لە بازدان و گۆڕینى  حیزبی لە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەرگای بۆ ئەم بازرگانییە سیاسییە بەواڵایی هێشتووەتەوە.

لە کاتێکدا لە دەوڵەتانی وەک هیندستان یان پاکستان پەرلەمانتار بە شکاندنی بڕیاری کوتلەکەی راستەوخۆ ئەندامێتیی لەدەستدەدات، لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هیچ سزایەکی یاسایی روون نییە، ئەمەش وایکردووە کورسیی پەرلەمان لە زۆر وێستگەدا لە نوێنەرایەتیکردنی گەلەوە بگۆڕێت بۆ مامەڵەى گرانبەهای ژێر بە ژێر و نهێنی.