لە یەکشەممەوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار ـ دەربەندیخان سەرپێچی تۆمار دەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان، لە کاتژمێر 10ی بەیانیی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026ەوە، دەکەونە کار و دەست بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان دەکەن.

بەپێی ئاگادارییەکەی بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان، خێرایی رێگەپێدراو لەسەر رێگاکە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە، بەڵام لە نزیک گوندەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان، خێرایی رێگەپێدراو 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.

هاتوچۆی گەرمیان داوای لە شۆفێران کردووە پابەندی خێرایی دیاریکراو بن، بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و بەکارهێنەرانی رێگا و خۆپاراستن لە سزا داراییەکان.

پێشتر، لە 18ی ئایاری 2026، سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، رایگەیاندبوو کە پلانی دانانی 26 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە جووتسایدی کەلار ـ دەربەندیخان هەیە، بە 13 کامێرا بۆ هەر ئاراستەیەک.