تاکەر کارلسۆن: نەتەنیاهۆ فشار لە ترەمپ دەکات بۆ هێرشێکی ئەتۆمی لە ئێران

تاکەر کارلسۆن، پێشکەشکار و رۆژنامەنووسی سیاسیی ئەمریکی، بانگەشەی کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ژێر فشاری بنیامین نەتەنیاهۆدا، رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بدات.

کارلسۆن لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەڵێت نەتەنیاهۆ بەردەوام فشار لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی ژێرزەوی لە ناوەڕاستی ئێران، کە بە “کوهی کولەنگ گەزلا” ناسراوە.

بەپێی قسەکانی کارلسۆن، هەواڵگریی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران لەو شوێنەدا پیتاندنی یۆرانیۆمی دەست پێ کردووەتەوە. کارلسۆن هەروەها بە پشتبەستن بە کەسێک کە ناوی نەهێناوە و بە “چاودێرێکی ئاگادار” ناساندوویەتی، وتوویەتی نەتەنیاهۆ رۆژانە لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات.

لە هەمان پۆستدا، کارلسۆن دەڵێت کە قووڵایی و پارێزراوی توونێلەکانی ئەو دامەزراوەیە، وێرانکردنی بە چەکی ئاسایی قورس دەکات. ئەو لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی خستووەتەڕوو.

کارلسۆن هەروەها باس لە ئەگەری بڕیاردان تا 7ی تشرینی دووەم دەکات و دەڵێت ترەمپ هێشتا دوودڵە. بە وتەی ئەو، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی سەرۆک، پشتیوانی لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەکەن.

کارلسۆن هۆشداری داوە کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران دەتوانێت دەرگای ململانێیەکی فراوانتر بکاتەوە و وڵاتانی دیکەش هان بدات ئەو چەکە بەکاربهێنن. ئەو لە پۆستەکەیدا داوای لە خەڵک کردووە دژی ئەگەری ئەو هەنگاوە دەنگ هەڵبڕن.

ئەم بانگەشانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە راپۆرتە میدیاییەکان باس لە ناکۆکیی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکەن. بەپێی ئەکسیۆس، نەتەنیاهۆ داوای هێرشی خێرا دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس دەکات، لە کاتێکدا ترەمپ دەیەوێت دەرفەت بە گفتوگۆکان بدرێت.