
وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی، رایگەیاندووە کە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە، زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و سەدان چوونەناوەوەی زەوی لەلایەن هێزە ئیسرائیلییەکانەوە لە خاکی سووریا ئەنجام دراوە.
شەیبانی ئەو لێدوانەی لە دانیشتنێکی گفتوگۆیی لە کۆنفرانسی ئاسایش وڵاتی میونخدا کرد، لە کاتێکدا دانوستانەکانی دیمەشق و تەلئەبیب بۆ رێککەوتنێکی ئەمنی بەردەوامە، بەڵام لەسەر سنووری ئەو رێککەوتنە و دۆخی ناوچەکانی باشووری سووریا ناکۆکی هەیە.
شەیبانی وتی، ئیسرائیل پێگەی نوێی لە باشووری سووریا گرتووەتەوە و زیاتر لە 500 جار چووەتە ناو خاکی سووریا.
ئیسرائیل، لە بەرامبەردا، دەڵێت دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، پێویستی بە هەنگاوی خۆپاراستن هەبووە و دەیەوێت رێگری بکات لەوەی گرووپە چەکدارەکان نزیک سنوورەکانی ببنە هەڕەشە.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی دەمەشق رێچکەیەکی واقعبینانەی هەڵبژاردووە و سەرنجی خستووەتە سەر نیشتەجێکردنەوە، بنیاتنانەوە و یەکخستنەوەی کۆمەڵگەی سووریا. بەڵام، بەپێی وتەکانی، دانوستانەکان دەبێت ببنە هۆی کشانەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان لەو ناوچانەی دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024 چوونەتە ناویان، وەستاندنی چوونەناوەوە و هێرشەکان، و رێزگرتن لە ئاسمانی سووریا.