کۆمپانیای DNO: نرخی نەوتەکەمان لە کوردستان نزیکەی 50% زیاد بووە

کۆمپانیای نەرویجیی DNO رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا نرخی فرۆشتنی نەوتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، نزیکەی 50% زیاتر لە سەرەتای ساڵ.

کۆمپانیای نەرویجیی نەوت و گازی DNO رایگەیاند، گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە ناوچەکانی کارکردنی، یارمەتییان داوە لە چارەکی سێیەمی 2026دا بەرزترین داهات و قازانجی کارپێکردن لە مێژووی 55 ساڵەی کۆمپانیاکە تۆمار بکات.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، داهاتی گشتیی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 1 ملیار و 23 ملیۆن دۆلار. قازانجی کارپێکردنیشی 641.1 ملیۆن دۆلار و قازانجی پاکی 101.1 ملیۆن دۆلار بووە. ئەم ژمارانە هی سەرجەم چالاکییەکانی کۆمپانیاکەن، نە تەنها کوردستان.

DNO  دوای نزیکەی چوار مانگ وەستاندنی خۆپارێزانە بەهۆی پەرەسەندنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی تاوکێ لە 28ی حوزەیران و لە کێڵگەی پێشخابوور لە 11ی تەممووز دەست پێکردووەتەوە.

بەپێی زانیارییە کارپێکردنییەکانی کۆمپانیاکە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە کوردستان لە چارەکی سێیەمدا گەیشتووەتە 73,219 بەرمیل لە رۆژێکدا، بەراورد بە تەنها 363 بەرمیل لە چارەکی دووەم. پشکی DNO لەو بەرهەمهێنانەش 54,914 بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.

کۆمپانیاکە دەڵێت لە چارەکی سێیەمدا نەوتی کوردستانی بە تێکڕای 38.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشتووە، بەرزترین نرخی بەدەستهاتووی کۆمپانیاکەیە لە دەستپێکردنی فرۆشتنی ناوخۆیی لە 2023ەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا نرخی فرۆشتن بۆ 45 دۆلار بەرزکراوەتەوە، کە بە وتەی DNO نزیکەی 50% لە سەرەتای ساڵ بەرزترە. هەموو پارەکانی فرۆشتنیش پێش رادەستکردنی نەوت، خراونەتە سەر هەژمارە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە.

تێکڕای فرۆشتنی پشکی DNO لە نەوتی کوردستان لە چارەکی سێیەمدا 28,058 بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، بەراورد بە 14,449 بەرمیل لە هەمان ماوەی 2025، واتە نزیکەی 94% زیادبوون.