ئێران هەڕەشەی هێرش بۆ سەر کێبڵەکان و ناوەندەکانی داتا لە ناوچەکە دەکات

ئێران هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر شەڕی توند دووبارە هەڵبگیرسێتەوە، کێبڵەکانی پەیوەندی، ناوەندەکانی داتا و دامەزراوەکانی زیرەکیی دەستکرد لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

محسن ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، وەڵامی دوایی ئەمریکای بەرامبەر پێشنیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ بە ناڕوون وەسف کرد و وتی، واشنتن دەبێت هەندێک خاڵ روون بکاتەوە.

بەپێی وتەکانی رەزایی، ئەمریکا بەشێک لە حەوت مەرجەکەی تاران قبووڵ کردووە، بەڵام هەندێکی دیکەیان هێشتا ناڕوونن. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە ئێستادا چیتر وەڵامی ئەمریکا ناداتەوە.

لە بەرامبەردا، کەناڵی 13ی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان، راوێژی ئاسایشیی سەبارەت بە ئێران ئەنجام داوە.

بەپێی راپۆرتەکە، بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا نەدراوە و پەیوەندی لەگەڵ سوپای ئەمریکا بەردەوامە.

پێشتر، رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” رایگەیاندبوو، ترەمپ داوای لە پنتاگۆن کردووە پلانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران ئامادە بکات؛ یەکێک لە بژاردەکان هەڵمەتێکی سەربازیی چڕە کە نزیکەی سێ رۆژ دەخایەنێت. ئامادەکردنی ئەم پلانانە بە مانای دەرچوونی بڕیاری جێبەجێکردنیان نییە.