ئایا مۆبایلەکەت گوێ لە قسەکانت دەگرێت؟

زۆر کەس ئەم ئەزموونەیان هەبووە، لەگەڵ هاوڕێیەک باسی کاڵا، گەشت یان شوێنێک دەکەن و کەمێک دواتر ڕیکلامی هەمان شت لە فەیسبوک، ئینستاگرام یان ئەپێکی دیکە دەبینن. ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەکات کە مۆبایلەکە بە نهێنی گوێ لە قسەکان دەگرێت.

بی بی سی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تا ئێستا بەڵگەیەکی پشتڕاستکراو نییە کە نیشانی بدات مۆبایلەکان بەردەوام گفتوگۆ رۆژانەکانی بەکارهێنەران تۆمار دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای قسەکانیان ریکلامیان پیشان بدەن.

مۆبایلەکان بە شێوەیەک گوێ لە دەنگ دەگرن؛ خزمەتگوزارییە دەنگییەکانی وەک Siri و Google Assistant چاوەڕێی وشەی دیاریکراون، وەک «Hey Siri»، بۆ ئەوەی چالاک ببن. بەڵام ئەمە جیاوازە لە تۆمارکردن و شیکردنەوەی بەردەوامی هەموو گفتوگۆکان.

ئەی بۆچی هەندێک جار ڕیکلامێک دەبینیت کە هەر تازە باسیت کردووە؟

هۆکارەکە دەتوانێت ئەو داتایە زۆرە بێت کە لە ژیانی دیجیتاڵیدا بەجێی دەهێڵین؛ ئەوەی بۆی دەگەڕێین، پەڕە و ڤیدیۆیەک کە دەیبینین، شتێک کە لایکی دەکەین، شوێن و ماڵپەڕەکانمان و هەندێک جار داتای بەدەستهاتوو لە ریکلامکەرەکان. ئەلگۆریتمەکان بە کۆکردنەوەی ئەم زانیارییانە دەتوانن بە شێوەیەکی ورد پێشبینی بکەن چی سەرنجت رادەکێشێت، بۆیە هەندێک جار وا هەست دەکەیت مۆبایلەکەت قسەکانتی بیستووە.

ئینستاگرامیش پێشتر رەتی کردووەتەوە کە بۆ ئەم مەبەستە گوێ لە گفتوگۆکانی بەکارهێنەران بگرێت و دەڵێت ئەو ریکلامانە دەتوانن لە ئەنجامی چالاکیی پێشووی بەکارهێنەر یان زانیاریی ڕیکلامکەرەکانەوە بن.

بۆ پاراستنی تایبەتمەندی، واباشە جاروبار مۆڵەتەکانی ئەپەکان بپشکنیتەوە؛ بە تایبەتی دەستگەیشتن بە مایکرۆفۆن، کامێرا و شوێن، و ئەو مۆڵەتانەی پێویست نین لاببەیت.