
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە قوتابخانەکانی سنوورەکەی راگەیاند، رێگەیان پێ نەدراوە بە هیچ ناو و پاساوێک پارە لە قوتابیان کۆ بکەنەوە یان لە رێگەی دایک و باوکیانەوە ناچاریان بکەن پارە بدەن.
لە نووسراوەکەی ئەمڕۆ، 17ی تشرینی دووەمی 2026، هاتووە کە هەندێک ناوەندی خوێندن بە ناوی ئەنجومەنی دایک و باوکانەوە، بڕێکیان دیاری کردووە و وەک کۆمەک بۆ پشتیوانیی قوتابخانە پارەیان کۆ کردووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ساڵی خوێندنی 2026–2027دا، داهاتی فرۆشگای هەر قوتابخانەیەک بۆ خودی ئەو قوتابخانەیەیە.
نووسراوەکە بۆ 10 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە نێردراوە و داوای لێ کراون قوتابخانەکانیان ئاگادار بکەنەوە. پەروەردەی سلێمانی هۆشداری داوە کە هەر ناوەندێکی خوێندن سەرپێچی بکات، بە توندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
