وتەبێژی حکومەتی عێراق: رەشنووسی بودجەی 2027ی عێراق تەواو بووە و ناکۆکیی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت هێشتا ماوە

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2027یان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تەواو کردووە. لە رەشنووسەکەدا داهات، خەرجی و بڕی کورتهێنانی چاوەڕوانکراو دیاری کراون.

عەبودی وتی، ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە. بە وتەی ئەو، رەشنووسەکە دیاری کردووە کە هەرێم رۆژانە لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام هەرێم دەڵێت بەرهەمهێنانی لەو بڕە کەمترە.

وتەبێژی حکومەت دەڵێت بەغدا راپۆرتی لەبەردەستە کە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لەو بڕە زیاترە کە هەولێر باسی دەکات. بە وتەی عەبودی، ناکۆکی لەسەر ئەم بڕە بەربەستی سەرەکیی رێککەوتنە و گفتوگۆی نێوان هەردوو حکومەت بەردەوامە.

لەبارەی داهاتەوە، عەبودی وتی لە بودجەی 2027دا پێشبینی دەکرێت داهاتی نانەوتی بگاتە لانیکەم 19٪ی کۆی داهات. بە وتەی ئەو، ئەمە بەرزترین رێژەی داهاتی نانەوتی لە مێژووی عێراقدایە، چونکە پێش ساڵی 2026 لە 11٪ زیاتر نەبووە. دەڵێت هۆکاری ئەم زیادبوونە کەمکردنەوەی گەندەڵی، ئەلیکترۆنی ‌کردنی کارەکان لە دەروازە سنوورییەکان و باشترکردنی کۆکردنەوەی باجە.

عەبودی هەروەها وتی لە بەشێک لە رەشنووسەکەدا، تەرخانکردنی پارە بە ئامانج و ئەنجامی بەرنامەکانەوە دەبەسترێتەوە. بە وتەی ئەو، رێگەی گەشەپێدان و سندووقی نەوەکانیش لەو هەنگاوانەن کە حکومەت بۆ بەهێزکردنی دارایی عێراق و کەمکردنەوەی کاریگەریی شوکە ئابوورییەکان لەبەرچاوی گرتوون.