ئۆپەراسیۆنی ئاڵای ساختە: هونەری چەواشەکردن و دروستکردنی تاوانبار لە جیهانی سیاسەت و جەنگدا

لە جیهانی ئاڵۆزی هەواڵگری و سیاسەتدا، زۆرجار ئەوەی دەیبینین و دەیبیستین هەموو راستییەکە نییە، بەڵکو پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ئەنجامدەری راستەقینە. یەکێک لە کۆنترین و مەترسیدارترین ئەو تاکتیکانەی کە دەوڵەتان و گرووپە چەکدارەکان بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان بەکاری دەهێنن، پێی دەوترێت “ئاڵای ساختە” (False Flag).

رەگوڕیشە و مانای “ئاڵای ساختە”

ئەم دەستەواژەیە لە سەدەی شازدەهەمەوە لە شەڕە دەریاییەکانەوە سەریهەڵداوە، کاتێک چەتەکانی دەریا یان کەشتییە جەنگییەکان، ئاڵای وڵاتێکی دۆست یان بێلایەنیان لەسەر کەشتییەکەیان هەڵدەکرد تاکو کەشتیی بەرامبەر بخەڵەتێنن و بێ ترس لێی نزیک ببنەوە، پاشان لە کاتی هێرشکردندا ئاڵا راستەقینەکەی خۆیان بەرز دەکردەوە.

ئەمڕۆ لە زانستی سیاسی و سەربازیدا، ئاڵای ساختە بریتییە لە کردەوەیەکی نهێنی کە لەلایەن دەوڵەتێک یان گرووپێکەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە شێوەیەک دادەڕێژرێت و پاشماوەی تێدا جێدەهێڵرێت کە وا دەربکەوێت نەیارەکەیان یان لایەنێکی سێیەم ئەنجامی داوە.

ئامانجە شاراوەکانی پشت ئەم تاکتیکە

بۆچی لایەنێک پەنا دەباتە بەر ئاڵای ساختە؟ هۆکارەکان لە چوار ئامانجی سەرەکیدا کۆدەبنەوە:

دروستکردنی پاساو بۆ جەنگ (Casus Belli):

کاتێک وڵاتێک دەیەوێت هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی تر بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان و رای گشتی رێگەی پێنادەن، هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و دەیخاتە ئەستۆی وڵاتە نەیارەکە تاکو مافی “بەرگری لە خۆکردن” بەدەستبهێنێت.

تێکدانی هاوپەیمانێتییەکان:

هێرشکردنە سەر لایەنی یەکەم بە ناوی لایەنی دووەمەوە، بۆ ئەوەی گومان و دووبەرەکی و شەڕ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەڵبگیرسێت.

خۆدزینەوە لە سزا و بەرپرسیارێتی:

ئەنجامدانی هێرش و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی تر، تاکو ئەنجامدەری راستەقینە لە تۆڵەسەندنەوەی سەربازی و سزای نێودەوڵەتی رزگاری ببێت.

سەرکوتکردنی ناوخۆیی:

دروستکردنی تەقینەوە یان ئاژاوە لە ناوخۆ و خستنەئەستۆی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەوەی دەسەڵات بتوانێت باری نائاسایی رابگەیەنێت و نەیارەکانی سەرکوت بکات.

دیارترین نموونە مێژوویی و هاوچەرخەکان

مێژوو پڕە لەو رووداوانەی کە دوای ساڵانێک لە رێگەی بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە سەلمێنراون کە ئاڵای ساختە بوون، لەوانە:

رووداوی موکدین:

ئەفسەرانی سوپای ژاپۆن بڕێکی کەم تەقەمەنییان لە نزیک هێڵێکی شەمەندەفەری خۆیان لە ناوچەی مەنشووریای چین تەقاندەوە، بەڵام سوپای چینیان پێ تۆمەتبار کرد و کردیانە پاساو بۆ داگیرکردنی تەواوی مەنشووریا لە ساڵی (1931).

ئۆپەراسیۆنی هیملەر:

پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، لە ساڵی (1939)هێزەکانی (SS)ـی ئەڵمانیای نازی جلوبەرگی سەربازیی پۆڵەندییان پۆشی و هێرشیان کردە سەر وێستگەیەکی رادیۆیی ئەڵمانی لەسەر سنوور و تەرمی چەند زیندانییەکیان بە جلی پۆڵەندییەوە لەوێ جێهێشت، رۆژی دواتر هیتلەر بەو پاساوە جەنگی دژی پۆڵەندا راگەیاند.

ئابڕووچوونی لاڤۆن لە میسر:

ساڵی (1954) هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل شانەیەکی نهێنی لە جووەکانی میسر پێکهێنا بۆ دانانەوەی بۆمب لە سینەما و دامەزراوە ئەمریکی و بەریتانییەکان لە قاهیرە، تاکو وا نیشان بدەن “ئیخوان موسلیمین” ئەنجامی داوە و بەریتانیا هێزەکانی لە نۆکەندی سوێس نەکشێنێتەوە، بەڵام پلانەکە بە تەقینەوەی بۆمبێک لە گیرفانی یەکێک لە ئەندامەکاندا ئاشکرا بوو.

پڕۆژەی نۆرسوودز:

پلانێکی نهێنیی پێنتاگۆن بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە ناو خاکی ئەمریکا و خستنەئەستۆی کوبا تاکو پاساو بۆ داگیرکردنی دروست ببێت لە ساڵی (1962)، بەڵام سەرۆک جۆن کەنەدی پلانەکەی رەتکردەوە.

عێراق و ناوچەکە لە سەردەمی نوێدا:

لە عێراقدا، بەکارهێنانی ناوی گرووپی چەکداری وەهمی (گرووپە سێبەرەکان) بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە و باڵیۆزخانەکان، یان هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و تۆمەتبارکردنی حیزبە کوردییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان لە رێگەی میدیاوە، بە نموونەی زیندووی ئاڵای ساختە دادەنرێن بۆ تێکدانی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان.

ئاڵای ساختە لە سەردەمی دیجیتاڵی و شەڕی ئەلیکترۆنیدا

بە تێپەڕبوونى کات ئەم تاکتیکە لە مووشەک و تەقەمەنییەوە گۆڕاوە بۆ رێککارى دیکە و ئاڵای ساختە چووەتە ناو جیهانی ئەلیکترۆنیشەوە. لە هێرشە سایبەرییەکاندا (Cyber False Flag)، هاککەرەکانی سەر بە دەوڵەتێک کاتێک هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەیەکی دارایی، بە ئەنقەست کۆد، زمان و شێوازی کارکردنی هاککەرەکانی وڵاتی سێیەم بەکاردەهێنن تاکو پسپۆڕانی ئەمنی بە هەڵەدا ببەن. هاوکات لە سۆشیاڵ میدیادا هەزاران هەژماری ساختە بە ناوی لایەنێکی سیاسی یان ئایینییەوە دروست دەکرێن و پەیامی توندڕەوانە بڵاودەکەنەوە بۆ ناشرینکردنی ئەو لایەنە لەبەرچاوی خەڵک.

چۆن ئاڵای ساختەی راستەقینە دەناسرێتەوە؟

پسپۆڕانی هەواڵگری بۆ ئاشکراکردنی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە، پێش هەموو شتێک بەدوای وەڵامی پرسیارە بەناوبانگە لاتینییەکەدا دەگەڕێن: (Cui Bono – کێ سوودمەندی یەکەمە؟). هەروەها بوونی پاشماوەی زۆر روون و ئاشکرا لە شوێنی رووداوەکە (وەک ناسنامە یان ئاڵایەک کە بە سەلامەتی لەناو تەقینەوەیەکدا مابێتەوە)، ناهاوسەنگی لە نێوان توانای لۆجستیی تۆمەتبار و قەبارەی هێرشەکە، و خێرایی بێوێنەی میدیایەکی دیاریکراو لە تۆمەتبارکردنی لایەنێک پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، گەورەترین نیشانەن بۆ ئەوەی کە پەردەیەکی “ئاڵای ساختە” بەسەر راستییەکاندا دراوە.

بەر لە کۆتایی:

چەمکی “ئاڵای ساختە” ئەو راستییە تاڵەی جیهانی سیاسەتمان بیردەخاتەوە کە لە گۆڕەپانی ململانێکاندا، یەکەم قوربانی هەمیشە “راستی -حەقیقەت” خۆیەتی. کاتێک ئاڵاکان دەگۆڕدرێن و دەستەکان لە پشت پەردەوە دەجووڵێنرێن، گەورەترین مەترسی تەنها ئەو تەقینەوە و هێرشانە نین کە روودەدەن، بەڵکو ئەو گومان و چەواشەکارییەیە کە وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت دۆست و دوژمن لێک جیابکاتەوە.

لە سەردەمێکدا کە زانیارییە چەواشەکارەکان لە مووشەکەکان خێراتر دەگەنە ئامانجەکانیان، تێگەیشتن لەم تاکتیکە تەنها زانیارییەکی مێژوویی نییە، بەڵکو چەکێکی هۆشیارییە، تاکو هەر کاتێک دووکەڵی رووداوێک بەرز بووەوە، پێش ئەوەی سەیری ئەو ئاڵایە بکەین کە لە شوێنی رووداوەکە هەڵکراوە، سەیری ئەو دەستانە بکەین کە لە تاریکیدا ئاگرەکەیان هەڵگیرساندووە و لە هەمووان زیاتر سوود لە سووتانەکە دەبینن.