مەسعود بارزانی داوا لە یەکێتی دەکات لەگەڵ پارتی دابنیشێت و کۆتایی بە قەیرانی سیاسیی هەرێم بهێنن

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە بەرواری 9ی تشرینی دووەمی 2026، داوای لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد لەگەڵ پارتی دابنیشێت تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن. هەروەها خواستی خۆی بۆ بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی دەربڕی.

دەقی پەیامەکە

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە.

لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.

زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.

مسعود بارزانی

9ی تشرینی دووەمی 2026