
حکومەتی عێراق گەیشتنی بڕی 500 ملیۆن دۆلاری نەختینەی راگەیاند، بەمەش کۆی ئەو بڕە پارە نەختینەی لەم دواییانەدا رەوانەی وڵات کراوە گەیشتە یەک ملیار دۆلار، چاودێرانیش پێشبینی دەکەن ئەم هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەبێت.
لە لێدوانێکدا، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنی ئەم بڕە پارەیە دەتوانێت هاوسەنگیی زیاتر لە بازاڕی دراودا دروست بکات و کاریگەری لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار هەبێت.
لە تەوەرێکی تردا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو ئاستەنگ و کێشانەی لە بەردەم ئامادەکردنی نوسخەی کۆتایی بودجەدا هەن، بە جۆرێک کە لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا یەکلایی ببنەوە، دیارترین ئەو کێشانەش کە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بریتییە لە پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا. سەبارەت بە نەخشەی دارایی داهاتووش، زانیارییەکان دەردەخەن کە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2027ـدا، بەشداریی داهاتە نانەوتییەکان لە پێکهێنانی بودجەی گشتیی وڵاتدا گەیشتووەتە 17٪، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت لە ئابووریی عێراقدا.