
لە ساڵی 1933دا، کاتێک دەنگی تۆپ و فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی نوێی تورکیا دوایین بڵێسەی شۆڕشی (ئاگری داغ) یان بە خوێن خامۆش کرد، دەنگی پێنووسێک لە دیمەشقەوە بەرز بووەوە کە نە بە زەبروزەنگ دەبڕدرا و نە بە سڕینەوە لەناو دەچوو. میر جەلادەت عەلی بەدرخان، لە نامەیەکی کراوەی فەرەنسیدا بە ناونیشانی (لەبارەی کێشەی کوردەوە)، راستەوخۆ مستەفا کەمال ئەتاتورکی کردە ئامانج، نامەیەک کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردی و ناوچەکەدا، بە بەهێزترین بەڵگەنامەی دیپلۆماسی و رووبەڕووبوونەوەی نەتەوەیی دادەنرێت دژی دەسەڵاتێکی شۆڤێنی.
تەوەرە سەرەکییەکانی گوتاری میر جەلادەت
یەکەم: دەستپێکێکی پڕ لە شکۆ و دیپلۆماسی
بە دەستەواژەی فەرمیی (بۆ سەرۆککۆماری تورکیا، جەنابی غازی مستەفا کەمال پاشا) دەستی پێکردووە، نەک لە لاوازیی و تەنازولەوە، بەڵکو بۆ بەخشینی سیفەتی بەڵگەنامەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی. پەیامی سەرەتای ئەوە بوو: (وەک گەلێکی ژێردەستە ناپاڕێمەوە، بەڵکو لە پێگەی مافێکی ڕەوا و مێژووییەوە دەدوێم کە بە ئاگر و ئاسن ناسڕدرێتەوە.)
دووەم: ریسواکردنی خیانەتی لۆزان
بۆی نوسی: (کاتێک لە ئەستەنبوڵ و ئەنادۆڵ دەستت بە جووڵانەوەکەت کرد، نەتەوەی تورک بێهیوا و وڵاتەکەتان داگیرکرابوو. ئەو کاتە لە هەموو کەس زیاتر پێویستیت بە کورد هەبوو، بە ناوی برایەتیی ئیسلامی و چارەنووسی هاوبەشەوە دەستت بۆ سەرۆک و رابەرانی کورد درێژ کرد. کورد باوەڕی بە پەیمانەکەت کرد و لە جەنگی چاناققەلعە و بەرەکانی شەڕدا خوێنی خۆی بۆ رزگارکردنی وڵات رشت.
بەڵام هەر کە پێیەکانت لەسەر زەوی چەسپین و لە کۆنگرەی لۆزان (1923) دەستکەوتت بەدەستهێنا، یەکەم کاری دەسەڵاتەکەت ئەوە بوو کە تەواوی ئەو بەڵێنانەی بە کوردت دابوو دڕاندت و فڕێت دانە ناو زبڵدانی مێژووەوە. لە لۆزان، ئێوە بە ناوی تورک و کوردەوە قسەتان کرد، کەچی لە ئەنقەرە ناوی کوردتان قەدەغە کرد) !
سێیەم: تێکشکاندنی ئەفسانەی تورکی چیایی
بە بەڵگەی زمانەوانی و مێژوویی رەخنەی توندی لە هەوڵی ئەنقەرە گرت بۆ داتاشینی چەمکی (تورکی شاخی) و رایگەیاند کە کورد نەتەوەیەکی رەسەنە و زۆر پێش هاتنی تورکەکان لەسەر ئەم خاکە ژیاون، ناسنامەی نەتەوەیەکیش بە بڕیاری ژوورە تاریکەکانی سەربازی ناسڕدرێتەوە.
بە بێ سڵەمینەوە پێی گوت:
(جەنابی غازی! ئێوە هەوڵ دەدەن مێژوو بە فەرمانی سەربازی بنووسنەوە. دەتانەوێت بە دنیا بڵێن کورد بوونی نییە و ئەوان تەنیا “تورکی چیایین” کە بەهۆی دەنگی بەفر و شاخەکانەوە زمانەکەیان شێواوە!
ئایا دەتوانیت بە فەرمانێک نەتەوەیەک بسڕیتەوە کە مێژووەکەی هەزاران ساڵ پێش هاتنی ئێوە بۆ ئەم ناوچەیە لەسەر ئەم خاکە چەسپاوە؟ ئێمە خاوەنی زمان، وێژە، مێژوو و ناسنامەی خۆمانین. ئەگەر بە زمانی زەبروزەنگ پێمان بڵێیت ئێوە تورکن، لە ناخی دڵی هەموو منداڵێکی کورددا هاواری کوردبوون بەرزتر دەبێتەوە) .
چوارەم: دووڕوویی شارستانیەتی کەمالیزم
جەناب ئێوە: باسی شارستانیەت، فێربوونی مۆدێرن، کڵاوی فەڕەنگی و یاسای مەدەنی دەکەن، بەڵام لە کوردستان رەفتاری مەغۆلەکان دووبارە دەکەنەوە. گوندەکانمان دەسووتێنن، خێزانەکان رادەگوێزن، دارستانەکان بە ئاگر دەسڕنەوە و رۆشنبیرانمان لەسێدارە دەدەن.
پاشا، شارستانیەت بە جلوبەرگ و کڵاو نییە، شارستانیەت بە دادپەروەرییە. کاتێک گەلێک لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بێبەش دەکەیت، تۆ بەرەو پێش ناچیت، بەڵکو بەرەو تاریکستانی دڕندەیی دەگەڕێیتەوە.
هۆشداریی کۆتایی
ئەتاتورکی وەک مرۆڤێکی فانی و دەسەڵاتدارێکی کاتی ناساند و هۆشداری پێدا: (تۆ دەڕۆیت، بەڵام گەلی کورد لەسەر خاکی خۆی دەمێنێتەوە، بۆردومانی فڕۆکە و تۆپی جەنگی ناتوانێت کێشەی کورد بسڕێتەوە، تا مافی رەوای ئەم گەلەش دانپێدانانی بۆ نەکرێت، تورکیا هەرگیز رووی ئارامی نابینێت) .
ئەم نامەیە تەنیا دادنامەیەک نەبوو بۆ سەرۆککۆمارێکی ستەمکار، بەڵکو مانیفێستێکی سیاسیی پێشوەختە بوو کە زیاتر لە نۆ دەیە پێش ئێستا پێشبینیی تەواوی قەیرانەکانی ئەمڕۆی تورکیای کردبوو. میر جەلادەت بەدرخان سەلماندی کە شۆڕش تەنیا بە چەک لە مەیدانی جەنگدا ناکرێت، بەڵکو کاتێک گوتارێکی فکریی سەردەمیانە لەگەڵ ئیرادەی نەتەوەییدا یەکدەگرێت، دەتوانێت هەیبەتی گەورەترین زلهێزە سەربازییەکان لە مێژوودا رووت بکاتەوە و حەقی میللەتێک لە بێدەنگیی نێودەوڵەتیدا رزگار بکات.