بۆرژوازی کۆمپرادۆری؛ چیرۆکی ئەو توێژەی بەدەستهێنانی قازانجیان لە خزمەتی بێگانە و پاشکۆیەتی ئابووری ناوخۆدایە

لە فیکری سیاسی و ئابووریی هاوچەرخدا، چەمکی کۆمپرادۆری (Comprador) یان بۆرژوازیی وابەستە، ئاماژەیە بۆ ناوەڕۆکی ئەو نادادپەروەریی و ئیستغلالکارییەی کە وڵاتانی جیهانی سێیەم رووبەڕووی دەبنەوە، وشەکە رەگێکی زمانیی پورتوگالیی هەیە و بە مانای (کڕیار) یان (ناوبژیوان) دێت، لە رووی مێژووییەوە، ئەم چەمکە بۆ ئەو بازرگانە ناوخۆییانەی سەردەمی کۆلۆنیالیزم لە چین و هیندستان بەکارهات کە دەستکەوتی داراییان لە خزمەتکردنی کۆمپانیا ئەورووپییەکاندا دەستدەکەوت، نەک لە بنیاتنانی پیشەسازی خۆماڵی.

ئەمڕۆش ئەم چەمکە بۆ پێناسەکردنی ئەو گرووپ و نخبە ئابوورییانە بەکاردێت کە سامانی نیشتمانی (وەک نەوت، گاز و کانزاکان) بە کۆمپانیا بیانییەکان دەفروشن و لە بەرامبەردا قازانجی گەورە   بە دەستدەهێنن، کارەکتەرەکانی ئەم چینە هەوڵی دروستکردنی کارخانە، کەرتی کشتوکاڵی یان پیشەسازیی سەربەخۆ نادەن، بەڵکو تەنها وەک وەکیل یان رێگەخۆشکەرێک بۆ بازاڕگەرمکردنی بەرهەمی دەرەکی کاردەکەن، بەم شێوەیە، بەرژەوەندیی دارایی و سیاسییان بە بەردەوامیی هەژموونی هێزە دەرەکییەکانەوە گرێدراوە، نەک بە بوژانەوەی سەربەخۆی وڵاتەکەیان.

جیاوازی لەگەڵ “بۆرژوازی نەتەوەیی”: ئەوانەی خۆیان کارخانە و پیشەسازی خۆماڵی دروست دەکەن، بۆیە بەرژەوەندییان لەگەڵ گەشەی وڵاتەکەیان یەکدەگرێتەوە — بەپێچەوانەی گروپی یەکەم.

نموونەی جیهانی

ئەفریقا دوای سەربەخۆیی: زۆر لێکۆڵەر دەڵێن سەرکردە نوێیەکان لە جیاتی بنیاتنانی پیشەسازی خۆماڵی، بەردەوام پەیوەندی داراییان بە کۆمپانیا کۆلۆنیالیەکانەوە بوو.

ئاندری گوندێر فرانك له‌ كتێبیی”سه‌رمایه‌داری دواكه‌وتووی گه‌شه‌ی ئه‌مریكای لاتین” ده‌ڵێت” ده‌ڵاڵه‌كان كارێكیان كردووه‌ دواكه‌وتووی دروست كردووه‌.”

ئەمریکای لاتین: چینی دەسەڵاتدار زۆرجار بەرژەوەندی داراییان بە کۆمپانیای ئەمریکی و ئەورووپی گرێدرابوو.

بۆرژوازی کۆمپرادۆری  لە ئەزموونی  حوکمڕانی کوردیدا
دەتوانین چەمک و ناورۆکی  بۆرژوازی کۆمپرادۆری لە ئەزموونی حوکمرانی و بەرێوەبردنی ئابورری هەرێمی کوردستانی عێراقدا بدۆزینەوە،  ئەمەش لە میانی ئەم خاڵانەی خوارەوە  

یەکەم :  فرۆشتنی نەوت یان دەروازەی دەڵاڵی  بۆ کۆمپانیاکانی نەوت

نەوت کۆڵەکەی سەرەکیی دارایی گشتییە لە هەرێمی کوردستان ،  سێکتەرە نا نەوتییەکان بەشدارییەکی ئەوتۆیان لە کۆی داهاتی نیشتیمانی نییە ، کێشە سەرەکییەکە لە نەوت خۆیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە داهاتی نەوت نەبووەتە هۆی گەشەکردنی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژێرخانی ئابووری، یان گەشەدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی. بەپێچەوانەوە، ئەم داهاتە لە رێگەی گرێبەستە نەوتییەکان، وەرگرتنی شیرینیی گرێبەستەکان (Bonus) و پێشینە داراییەکان لە کۆمپانیا بیانییەکان، بووەتە هۆی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی دیاریکراو و کەڵەکەبوونی سەروەت لە دەستیاندا، لە کاتێکدا کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و گاز قازانجی میلیارەها دۆلارییان دەستکەوتووە، بەمەش لە رێگای وەرگرتنی سودی خراپ  لە گرێبەستەکان  ملیارەها دۆلار لە دەستی نوخبەی سیاسی  کۆبۆتەوە و ئەم نوخبەیە وەک دەڵاڵیک  بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت کاریکردوە و لە جیاتی  بەهێزکردنی ئابووری نیشتیمانی سەرمایەی لای خۆی کەڵەکە کردوە ، لە بەرانبەریشدا ملیارەها دۆلاری وەک قازانج بە کۆمپانیا بیانییەکان بەخشیوە.

ئەم پرۆسە ئابوورییە خەسڵەتە کۆمپرادۆرییەکان تۆخ دەکاتەوە؛ چونکە سەروەتی ناوخۆیی لە رێگەی دەڵاڵایەتی لە نێوان بازاڕی ناوخۆ و سەرمایەی دەرەکیدا دروست دەبێت، لە بڕی ئەوەی رەوانەی بەرهەمهێنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ و ژێرخانی ناوخۆیی بکارێت.

دووەم: گۆڕانی ئابووری لە بەرهەمهێنانەوە بۆ دەڵاڵایەتی

لە ئابووریی هەرێمی کوردستان  بازرگانی دەرەکی و هاوردەکردن رۆڵێکی ئێجگار گەورە دەبینێت ،  هەرێمی کوردستان کراوە بە هایپەرمارکێتێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا، لە بەرامبەردا لاوازیی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەبەهێنانی ناوخۆیی دەبینین، کێشە سەرەکییەکە لە خودی بازرگانی یان هاوردەکردندا نییە، بەڵکو لە تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان ئاسانکارییەکان بۆ کارە دەڵاڵییەکان بەرامبەر کاری بەرهەمهێناندا خۆی دەبینێتەوە، کاتێک هاوردەکردنی کاڵا پڕقازانجتر و کەم‌مەترسی‌تر بێت لە دروستکردنی کارگەیەک، و وەبەرهێنان لە خانوبەرەدا سەرنجڕاکێشتر بێت لە وەبەرهێنانی درێژخایەنی پیشەسازی و وەدەستهێنانی گرێبەستێکی حکومی قازانجی زیاتر بێت لە بنیاتنانی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنەر، بە شێوەیەکی سروشتی سەرمایە روودەکاتە ئەو چالاکییانەی قازانجی خێرایان هەیە لە بڕی بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی وڵات.

لە ژینگەیەکی وەهادا، توێژێک لە سەرمایەدارانی ناوخۆ دروست دەبن کە کۆبوونه‌وەی سەروەتەکەیان بە پلەی یەکەم پشت بە ناوبژیوانی لە نێوان بازاڕی ناوخۆ و بازاڕە دەرەکییەکان، هاوردەکردنی کاڵا، گرێبەستە حکومییەکان، خانوبەرە و ئەو خزمەتگوزارییانە دەبەستێت کە بە خەرجیی گشتییەوە بەستراونەتەوە؛ ئەمەش خەسڵەتەکانی بۆرژوازیی کۆمپرادۆریان پێدەبەخشێت.

مۆدێلی کۆمپرادۆری بە ئاشکرا دەردەکەوێت کاتێک سەرمایەی بیانی تەنها کاڵا و خزمەتگوزاریی هاوردەکراو دێنێتە ناوەوە و رەوانەی ناوبژیوانێکی ناوخۆیی دەکات بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا. لە بەرامبەردا، مۆدێلی بەرهەمهێنەری گەشەپێدەر لەسەر ئەوە وەستاوە کە سەرمایەی بیانی ببێتە هۆی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، دروستکردنی هاوبەشیی ناوخۆیی، زیادکردنی بەرهەمهێنان، رەخساندنی دەرفەتی کار و گەشەدانی هەناردەکردن.

سێیەم: پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و سەرمایەی دەرەکی

تورکیا لایەنێکی گرنگە لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی نزیکیی جوگرافی و بەهێزیی پەیوەندییەکانی بازرگانی، وزە و گواستنەوە؛ بەڵام بوونی کۆمپانیا و سەرمایەی تورکی لە هەرێمدا،  لە خودی خۆیدا بە مانای بوونی بۆرژوازیی کۆمپرادۆر نایەت؛ چونکە پێوەری بنەڕەتی بریتییە لە سروشتی ئەم پەیوەندییە و دەرئەنجامەکانی بۆ سەر ئابووریی ناوخۆ.

ئەگەر وەبەرهێنانی بیانی ببێتە هۆی دروستکردنی کارگەکان، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، راهێنانی هێزی کار، پەرەپێدانی کشتوکاڵ و پیشەسازی، دروستکردنی کۆمپانیا و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و زیادکردنی هەناردەی نانەوتی، ئەوا دەکرێت ببێتە فاکتەرێک بۆ گەشەپێدان، بەڵام  لە هەرێمدا پەیوەندییەکە بە پلەی یەکەم لە هاوردەکردنی کاڵاکان، دابەشکردنیان لە ناوخۆی هەرێمدا، بەدەستهێنانی قازانجی بازرگانی و گواستنەوەی بەشێکی بۆ دەرەوەدا قەتیس دەبێت، ئەمەش  وابەستەیی ئابووری بەرامبەر دەرەوە زیاتر بکات و  وا دەکات خەسڵەتی کۆمپرادۆری ببەخشێتە سەرمایەی ناوخۆیی.

لەبەر ئەوە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە (ئایا مامەڵە لەگەڵ سەرمایەی بیانی دەکەین؟ یان نا ) ، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی کوردستانیی بەرهەمهێنەر و  بە توانا بۆ هەناردەکردن بەکاری دەهێنین، یاخود بازاڕی ناوخۆیی بە پلەی یەکەم بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و سەرمایەی بیانی بەکاردەهێنین؟ لێرەدا بەرپرسیارێتیی حکومەت دەردەکەوێت، بە جۆرێک وەبەرهێنان لە پیشەسازی، بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیادا سەرنجڕاکێشتر بێت لە هاوردەکردن، خانوبەرە و رێنت، ئەمەش هاوکار دەبێت لە دەرکەوتنی بۆرژوازییەکی بەرهەمهێنەری نیشتمانی کە توانای هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی هەبێت.