
دەروازەی سنووریی شەیب، لە پارێزگای میسان و بەرامبەر دەروازەی چەزابەی ئێران، لە بەیانیی چوارشەممە 21ی ئۆکتۆبەرەوە بە رووی گەشتیاران، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بازرگانییەکاندا داخراوە. رۆیتەرز بە وتەی بەرپرسێکی سنووریی عێراق نووسیویەتی مەبەست لە داخستنەکە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکان و دامەزراندنی ئامێری پشکنینە بۆ رێگریکردن لە قاچاخی کەرەستەی قەدەغەکراو.
زینی وەند، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژی 21ی ئۆکتۆبەردا وتی تاران پێشوەختە ئاگاداریی فەرمیی لە داخستنی دەروازەکە وەرنەگرتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بابەتەکە بەدواداچوون بۆ دەکەن.
بە وتەی ناوبراو، بەپێی رێککەوتنی هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، ئەگەر داخستنەکە زیاتر لە یەک رۆژ بخایەنێت، پێویستە لایەنی بەرامبەر پێشوەختە ئاگادار بکرێتەوە.
لە بەرامبەردا، حەیدەر عەبودی، وتەبیژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند کە دەروازەکە بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی تەکنیکی و لۆجستیی پێویست داخراوە و کارەکە بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارپێکردنی دەروازەکەیە.
وتیشی چەند دەروازەیەکی دیکە لە نێوان عێراق و ئێراندا کراوەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بەردەوامە.
لە کاتێکدا سەرچاوەکانی سەر دەروازەکە سەرەتا باس لە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکان دەکەن، حکومەتی عێراق هۆکاری فەرمیی داخستنەکەی بە کێشەی تەکنیکی و لۆجستی روون کردووەتەوە.
رۆیتەرز هەروەها بڵاویکردووەتەوە کە بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندووە گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی کار لە دەروازەکەدا بەردەوامن.