ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشی نوێیان بۆ ئێران ئامادە کردووە

بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران پلانەکانیان ئامادە کردووە، هێرشێک کە لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە 3ی تشرینی دووەم، بکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی نیویۆرک تایمز لە بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار لە گفتوگۆکانەوە گواستووەتەوە، پلانەکە دەکرێت لە هێرشێکی کورت و چڕدا کۆبکرێتەوە. ئامانجە ئەگەرییەکانیش دامەزراوە ئەتۆمییەکان، توانای مووشەکی و درۆنیی ئێران و هەندێک ژێرخانی وزە دەگرنەوە.

هێزەکانی دوو وڵات راهێنانی سەربازییان چڕتر کردووەتەوە، لەوانەش فڕین بەسەر عێراق بۆ مەشقکردنی جووڵەکانی هێرش.

هەروەها، بەپێی هەمان راپۆرت، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کۆبووەتەوە و هێرشە ئەگەرییەکان لە گفتوگۆدا بوون.

ترەمپ لە سەرەتای ئۆکتۆبەرەوە وتبووی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکان هێرش ناکات، بەهۆی ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامە. بەڵام لە 22ی ئۆکتۆبەر وتی گفتوگۆیەک لەگەڵ تاران لە ئارادا نییە و “شتێک” بەم زووانە روودەدات.