رۆژنامەی تورکیا: عێراق نایەوێت سەرکردەکانی پەکەکە لە وڵاتەکی بمێننەوە

رۆژنامەی تورکیا لە راپۆرتێکی ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئۆکتۆبەردا، بڵاوی کردووەتەوە کە لە چوارچێوەی قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری، پێشنیاری گواستنەوەی هەندێک لە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ وڵاتێکی سێیەم تاوتوێ دەکرێت. رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێت عێراق نایەوێت ئەو سەرکردانە لە خاکەکەیدا بمێننەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، دوای چۆڵکردنی بنکەکانی مەتینا، قۆناخی داهاتوو ناوچەکانی گارە و خواکورک دەگرێتەوە. سەرچاوەکانی رۆژنامەکە دەڵێن چۆڵکردن و لەناوبردنی بنکە و ئەشکەوتەکان بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت و ئەگەری هەیە تا کانوونی دووەمی داهاتوو تەواو بکرێت.

رۆژنامەکە هەروەها دەڵێت ئەندامانی پەکەکە لە قەندیل کۆ دەکرێنەوە و لیستی ئەو کەسانە ئامادە دەکرێت کە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا. بەڵام بۆ ئەو سەرکردانەی ناگەڕێنەوە و لە دەرەوەی چوارچێوەی کەمکردنەوەی سزا دان، پێشنیاری ناردنیان بۆ وڵاتی سێیەم خراوەتەڕوو. راپۆرتەکە ناوی هیچ وڵاتێکی وەرگر ناهێنێت و ئەم زانیارییانە لە سەرچاوەی ئەمنیی ناونەهاتووەوە دەگوازێتەوە.

پێشتریش هەواڵی کشانەوەی پەکەکەی لە چوار بنکەی ناوچەی مەتینا بڵاو کرایەوە. بەپێی رۆیتەرز، یاسای پەسەندکراوی مانگی ئابی پەرلەمانی تورکیا، بۆ هەندێک لە ئەندامە پێشووەکان پاراستنی یاسایی و بۆ هەندێک مەحکوم بە تۆمەتی ئەندامێتی، هەڵپەساردنی سزا پێشبینی دەکات.

لە لایەنی کوردییەوە، دەم پارتی جەخت دەکاتەوە کە پێشکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی یاسایی و دابینکردنی مافە دیموکراتییەکان هەیە. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە 6ی ئۆکتۆبەردا داوای کرد دانیپێدانان بە مافە دیموکراتییەکان و دابینکردنی گەرەنتیی یاسایی هاوتەریبی چەکدانان بەرەوپێش بچێت. ئەو هەروەها داوای کرد بارودۆخی کارکردن، دیدار و پەیوەندیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بەشداری لە پرۆسەکەدا دابین بکرێت.