یەرەکە: ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن مافی بەرگری لە خۆمان بەکاردەهێنین

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) دەڵێت هێزەکانی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە ناوچەی شاهۆ کراونەتە ئامانج، و هۆشداری داوە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، مافی بەرگری لە خۆیان بەکاردەهێنن.

یەرەکە لە بەیاننامەیەکدا، کە لەبارەی هێرشی دوێنێ بڵاوی کردووەتەوە، وتی پێشتر هۆشداریی پێویستی داوە و زانیاریی هێرشەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی رای گشتی هاوبەش دەکات.

دەشڵێت: ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، مافی بەرگریی رەوای خۆمان تا کۆتایی بەکاردەهێنین و وەڵامی پێویست دەدەینەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، لە 13ی خەزەڵوەرەوە هێزێکی زۆری سوپای پاسداران لەگەڵ چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی شاهۆ جێگیر کراون.

هەروەها، بەیاننامەکە ئاماژە بە هێرشێکی 15ی ئۆکتۆبەر دەکات و دەڵێت ناوچەی قەڵای تێرزان لە کاتژمێرەکانی بەیانی تا نیوەڕۆ بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر. دەشڵێت لەو ناوچەیەدا هێزی سەربازیی ئێران زیاد کراوە.