وەزارەتی خوێندنی باڵا: زیاتر لە ٣٩ هەزار قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم وەرگیراون

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، داتا و ئامارەکانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوانزە لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦–٢٠٢٧ راگەیاند؛ بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتی دەرچووان ٤٠ هەزار و ٧١٦ کەس بووە.

لە کۆی دەرچووان، ٣٠ هەزار و ٨٤٧ کەس دەرچووی لقە زانستییەکان، ٧ هەزار و ٩٢٣ کەس دەرچووی لقە وێژەییەکان، ٧٠٦ کەس دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و ١ هەزار و ٢٤٠ کەسیش دەرچووی خوێندنی پیشەیی بوون.

بەپێی داتاکانی وەزارەت، کۆی ئەو دەرچووانەی داواکاری وەرگرتنیان پێشکەش کردووە ٣٩ هەزار و ٩٥٠ کەس بووە و لە کۆی ئەوانە ٣٩ هەزار و ٥٢ کەس لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون. بەو پێیە، نزیکەی ٩٧.٨٪ی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە شوێنی خوێندنیان بۆ دابین بووە.

لە نێو پێشکەشکاراندا، ٣٢ هەزار و ٧٣٩ کەس دەرچووی ئەمساڵ بوون؛ لەوانە ٣٢ هەزار و ٤٢٢ کەس وەرگیراون و تەنیا ٣١٧ کەس وەرنەگیراون، کە واتە نزیکەی ٩٩٪ی پێشکەشکارانی دەرچووی ئەمساڵ وەرگیراون.

هەروەها ٧ هەزار و ٢١١ کەس لە دەرچووانی ساڵانی رابردوو داواکارییان پێشکەش کردووە و لەوانە ٦ هەزار و ٦٣٠ کەس وەرگیراون. بەم شێوەیە، لە کۆی ٣٩ هەزار و ٥٢ وەرگیراو، ٣٢ هەزار و ٤٢٢ کەس دەرچووی ئەمساڵ و ٦ هەزار و ٦٣٠ کەس دەرچووی ساڵانی ڕابردوون.

لە لقە زانستی و وێژەییدا، کۆی وەرگیراوان ٣٧ هەزار و ٩٦٦ کەسە؛ لەوانە ٣١ هەزار و ٤٥٦ کەس دەرچووی ئەمساڵ و ٦ هەزار و ٥١٠ کەس دەرچووی ساڵانی پێشوون.

لە خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش، لە پلانی وەرگرتنی ٣٧٦ کەس، ٣٧٠ کەس وەرگیراون؛ ٢٥٨ کەس لە سیستمی ئەمریکی، ٨٤ کەس لە سیستمی بەریتانی و ٢٨ کەس لە سیستمی فەرەنسی، ئای بی و ئەڵمانی.

هەروەها لە دەرچووانی خوێندنی پیشەیی، ٩٠١ کەس داواکارییان پێشکەش کردووە؛ ٧١٦ کەس وەرگیراون و ١٨٥ کەس وەرنەگیراون.

ئامارەکانی وەزارەت هەروەها دەریدەخەن کە پلانی گشتی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦–٢٠٢٧ بە ٦٥ هەزار و ٣٢٤ شوێن دیاریکراوە. لە هەمان کاتدا، ٢ هەزار و ٧٠٠ شوێن بۆ دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەرخان کراوە و وەزارەت رایگەیاندووە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردن بۆ ئەم بەشە دەکرێتەوە.