فەرماندەیەکی پێشووی حەشدی شەعبی بە ماددەی هۆشبەرەوە لە بەغدا دەستگیر کرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، حامید جەزائیری، فەرماندەی پێشووی لیوای 18ی حەشدی شەعبی، لەگەڵ کارمەندێکی حەشد و کەسێکی مەدەنی، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی رەیحانە لە بەری رەسافەی بەغدا دەستگیر کراون.

سەرچاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، بە بەغداد ئەلیەومی راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەنجام دراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەدا، دەست بەسەر 21 کیس ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ، ئۆتۆمبێلێکی حکومیی سەر بە حەشدی شەعبی و چەکێکی کلاشینکۆفدا گیراوە.

جەزائیری پێشتر جێگری فەرماندەی سەرایای خوراسانی و فەرماندەی لیوای 18ی حەشدی شەعبی بووە. لە ئەیلوولی 2020 لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و لە 13ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵیش، هێزێکی سەر بە حەشد لە بەغدا دەستگیری کردبوو.