لە ڕەشنووسی بودجەی 2027ی عێراقدا 120 هەزار دەرفەتی کار لە دامەزراوە حکومییەکان ڕەخسێنراوە

ئەندامێکی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2027دا، پێشنیاری تەرخانکردنی 120 هەزار دەرفەتی کار بۆ دامەزراوە حکومییەکان کراوە.

فارووق ئەلیاسەری، ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمان، لە دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری دارایی، ڕایگەیاندووە کە ئەم پلە وەزیفیانە بەم شێوەیە دابەش دەکرێن: 50 هەزار پلە بۆ بەشە ئەمنییەکان و 70 هەزار پلەی دیکە بۆ بەشەکانی تر.

بەڵام ئەلیاسەری پێیوایە ئەم ژمارەیە ناتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی بازاڕی کار بداتەوە، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ساڵانەی ژمارەی دەرچووانی زانکۆ و ئەو کەسانەی بەدوای دەرفەتی کاردا دەگەڕێن.

لە هەمان کاتدا، ئەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە پشتبەستن بە دامەزراندنی حکومی بە تەنها چارەسەری کێشەی بێکاری نییە، چونکە توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هەڵگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی داواکارانی کار سنووردارە.

بۆیە داوای لە حکومەت کردووە پلانێکی جدی بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت دابنێت، بە ئامانجی فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و دروستکردنی دەرفەتی کاری نوێ بۆ گەنجان.