لەنێوان نەمانی شەرعییەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێدا، دەوڵەت دەکەوێتە قۆناغێکی هەستیاری یاساییەوە کە پێی دەگوترێت «حکوومەتی کاربەڕێکەر». ئەرکی ئەم جۆرە کابینەیە تەنیا پاراستنی لێدانی دڵی دامەزراوە گشتییەکانە تا هاووڵاتی تووشی بۆشاییی کارگێڕی، تەناهی و دارایی نەبێت؛ لە ڕوانگەی دەستوورییەوە، کاربەڕێکەری پردێکی کاتییە بۆ پەڕینەوە، نەک پێگەیەک بۆ بڕیاری چارەنووسساز.
دەسەڵاتەکانی حکوومەت لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بۆ دوو بەشی سەرەکی پۆلێن دەکرێن:
یەکەم: ئەو دەسەڵاتانەی لە دەسەڵاتی حکوومەتی کاربەڕێکەردان
• دەرکردنی ئەو فەرمان و بڕیارە ڕێکارییانەی کە بۆ ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەکاندا پێویستن.
• خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابینکردنی خەرجییە بەردەوامەکانی وەک دەرمان، خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
• ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان (وەک لافاو، بوومەلەرزە) یان باری لەناکاوی تەندروستی (وەک بڵاوبوونەوەی پەتای لەناکاو).
• پاراستنی ئاسایشی گشتی و سەقامگیری لە کاتی ڕوودانی مەترسییەکی ئەمنى گەورەدا، چونکە ئەم دۆخانە دواناخرێن و ناکرێت بەهۆی نەبوونی حکوومەتەوە وڵات تووشی پشێویی بێت.
• تەواوکردنی ئەو ڕێکارە کارگێڕییانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی یاساییدا دەستیان پێ کراوە و تەنیا جێبەجێکردنیان ماوە، بە مەرجێک پابەندیی نوێی ستراتیژی دروست نەکەن.
دووەم: ئەو دەسەڵاتانەی بۆ حکوومەتی کاربەڕێکەر ڕێگەپێدراو نین
• حکوومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسای گرنگ و بنەڕەتی، بەتایبەت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پێشکەش بکات (مەگەر خەرجکردن بە سیستەمی یەک لەسەردوازدەی بودجەی ساڵی پێشوو بێت .
• ناتوانێت گرێبەستی گەورەی وەبەرهێنان، گرێبەستی درێژخایەنی نەوت و گاز، یان پەیماننامەی دیپلۆماسی و سەربازی واژۆ بکات؛ چونکە لێکەوتەی ئەم گرێبەستانە بۆ دەیان ساڵ دەمێننەوە و دەسەڵاتی حکوومەتەکانی دواتر سنووردار دەکەن.
• ناتوانێت باج و ڕەسمی نوێ بسەپێنێت، یان گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە نرخی سووتەمەنی، کارەبا یان کەرەستە سەرەکییەکاندا بکات.
• ڕێگەپێدراو نییە قەرزی نێودەوڵەتی یان ناوخۆییی نوێ وەربگرێت کە بارگرانیی دارایی بۆ دەوڵەت دروست بکات.
• ناتوانێت دەستکاریی پۆستە ستراتیژی و باڵاکان بکات (وەک وەزیر، باڵیۆز، سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان، یان فەرماندە باڵاکانی سوپا).
• هەڵوەشاندنەوە یان دروستکردنی وەزارەت و فەرمانگەی گشتیی نوێ بۆ حکوومەتی کاربەڕێکەر قەدەغەیە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەی ئەگەر حکوومەت لەم قۆناغەدا دەست بۆ بڕیاری ستراتیژی بەرێت چی ڕوودەدات؟
• دادگای باڵای فیدراڵی یان دادگای کارگێڕی مافی ئەوەیان هەیە هەر بڕیار، گرێبەست، یان ڕێنماییەک کە لە سنووری «کاربەڕێکردنی ڕۆژانە» دەرچووبێت، بە نادەستووری و بەتاڵ هەژماری بکەن و کاری پێ نەکەن.
• هەر لایەنێکی زیانلێکەوتوو، پەرلەمانتار، یان ڕێکخراوێک دەتوانێت لە ڕێگەی تانەدانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بکات، وەک چۆن لە بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدراڵیی عێراقدا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەتە کاربەڕێکەرەکان چەندین جار جەختی لێ کراوەتەوە.
ماوەتەوە بگوترێت: حکوومەتی کاربەڕێکەر پاسەوانی کاتیی دامەزراوەکانە نەک خاوەنی بڕیاری دەوڵەت؛ تێپەڕاندنی سنووری کارە ڕۆژانەکان بۆ بڕیاری ستراتیژی، سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستوورە و لە ڕوانگەی یاساییەوە هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە پێشوەختە بەتاڵ و بێبەهایە.
