
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕەزامەندی دراوە بە ڕێکخستنەوەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە جورف سەخر، و دابەشکردنی بەرپرسیاریی پاراستنی ناوچەکە بەسەر سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزەدا.
نووسراوەکە بە بەرواری 17ی تشرینی دووەمی 2026 ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کراوە و نیشانەی “نهێنی”ی لەسەرە. لە دەقەکەدا هاتووە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕەزامەندی داوە بەو دابەشکردنە نوێیە.
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، لیوای 17ی پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیاریی ناوەندی ناحیەی جورف نەسر دەگرێتە ئەستۆ، لە ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕێگای موسەییب–فازلیە لە ڕۆژئاوا. لیوای 38ی فیرقەی 10ی سوپاش لە ساتری باحسێنەوە تا چوارڕێی فازلیە و سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بڵاو دەبێتەوە.
هەروەها لیواکانی 47 و 79ی حەشدی شەعبی، بەرپرسیاریی ئەو بەشە دەگرنە ئەستۆ کە لە ڕێگای موسەییب–فازلیەوە تا سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا درێژ دەبێتەوە. فەوجێکی پۆلیسی وزەش بۆ پاراستنی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت تەرخان دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەدا، نووسراوەکە باسی کردنەوەی دوو بازگەی پۆلیسی بابل و ئەنبار لە چوارڕێی فازلیە دەکات. هەروەها ڕێگای موسەییب–بەهبهانی–چوارڕێی فازلیە–عامریەی فەللوجە دووبارە دەکرێتەوە.
بەپێی هەمان دەق، فەوجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە سەربازگەی مەحاویل جێگیرە، وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە لەناکاوەکان لە ناوچەکە دیاری کراوە.
