ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی سێ ساڵەی نێوان عێراق  و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

عێراق و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) هەنگاوی بەرچاویان بەرەو واژۆکردنی بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری و دارایی ناوە کە ماوەی سێ ساڵ (٢٠٢٧ تا ٢٠٢٩) دەخایەنێت. ئەم جووڵەیەی بەغدا لە کاتێکدایە کە ئابووریی وڵاتەکە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ئێران، پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و دابەزینی داهاتە نەوتییەکانەوە، کەوتووەتە ژێر فشارێکی توندی دارایی و ناچار بووە پەنا بۆ سەرچاوەی دەرەکی و چاکسازیی پێکهاتەیی ببات.

پێشهاتەکانی دانوستان و داواکاریی بەغدا

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆتایی گەڕێکی دانوستانەکاندا کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی چاکسازی کردووە بە ئامانجی بەهێزکردنی بەردەوامیی دارایی و بەرزکردنەوەی توانای ئابووریی عێراق بۆ بەرگەگرتنی قەیرانە لەناکاوەکان، ئەم پێشکەوتنە کەمتر لە مانگێک دوای لێدوانەکەی کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دێت کە ئاشکرای کردبوو عێراق بە فەرمی داوای بەرنامەیەکی دارایی (تەمویلی) کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ئابوورییەکەی. سندوقی دراو ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی و ڕاوێژکاری نیشان داوە، هەرچەندە هێشتا بڕی پارەکە و وادەی کۆتایی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری نەکراون.

قەیرانی داهاتی نەوت و مەترسیی داڕمانی دارایی

گرنگیی ئەم دانوستانانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئابووریی عێراق بە ڕێژەی نزیکەی ٩٠٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حکومەت. لە ماوەی ئەمساڵدا، پشێوییەکانی گەرووی هورمز بوونە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق، ئەمەش جارێکی دیکە لاوازیی پێکهاتەی ئابووریی وڵاتەکەی دەرخست کە تەنانەت لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیشدا، ئەگەر بڕی هەناردە کەم ببێتەوە، تووشی شۆکی دارایی دەبێت. هاوکات، ئاژانسی (فیچ) پێشبینیی کردووە ئابووریی عێراق ئەمساڵ بە ڕێژەی ٩٪ پاشەکشە (انكماش) بکات. ئەم فشارانە بەغدایان ناچار کردووە بیر لە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات بکاتەوە.

کێشەی خەرجییە بەکاربەرەکان و مووچە

 ئاڵنگارییە داراییەکانی بەردەم حکومەتی عێراق تەنیا لە دابەزینی داهاتی نەوتدا کورت نابنەوە، بەڵکو قەیرانی قووڵی ناوخۆیی وەک هەڵاوسانی خەرجییەکانی بەکاربردن، بەتایبەتی تێچووی زۆری مووچە و خانەنشینی، شانبەشانی لاوازیی داهاتە نانەوتییەکان، بارگرانییەکی گەورەیان لەسەر بودجە دروست کردووە. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چەندین جار داوای لە بەغدا کردووە کۆنترۆڵی خەرجییەکان بکات، سیستەمی کۆکردنەوەی باج و ڕسووماتی گومرگی چاک بکات و پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەدا بکات، تاوەکو بتوانرێت پارەی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و کەرتە بەرهەمهێنەرەکاندا تەرخان بکرێت.

سێکتەرە سەرەکییەکانی چاکسازی: بانک، کارەبا و حوکمڕانی

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی، بەرنامە چاوەڕوانکراوەکە تەنیا کورت نابێتەوە لە ڕێکخستنەوەی بودجە، بەڵکو دەست دەبات بۆ چاکسازیی ڕیشەیی لە چەندین سێکتەری هەستیاردا، لەوانە:

سیاسەتی نەختینەیی و بانکی: پەرەپێدانی چوارچێوەی سیاسەتی نەختینەیی بۆ پاراستنی سەقامگیریی دراو، دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی بانکە حکومی و تایبەتەکان، و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای بانکەکان لە پێدانی قەرز و پاڵپشتیکردنی چالاکییە ئابوورییەکان.

کەرتی کارەبا و حوکمڕانی: چاکسازیکردن لە کەرتی کارەبادا کە یەکێکە لە گەورەترین دەرچەکانی بەهەدەردانی سامانی گشتی، لەگەڵ باشترکردنی سیستەمی حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە سندوقی دراو وەک مەرجی سەرەکی بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان دایناون.

قۆناغی داهاتوو

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی شارەزایان و تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن، وەک ئامادەکارییەک بۆ نووسینەوەی بەڵگەنامەیەکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا، کە تێیدا تەواوی هەنگاوە چاکسازییەکان و خشتەی کاتیی جێبەجێکردنیان بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو بە وردی دیاری دەکرێن.