کرێی مۆلیدە لە کۆمەڵگەکان بە ڕووبەری ماڵ دیاری دەکرێت

بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کرێی مانگانەی خزمەتگوزاریی مۆلیدەی تایبەت لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ناو پڕۆژەی ڕووناکی، بە پێی جۆری یەکە، ڕووبەر و پارێزگاکە دیاری دەکرێت.

نووسراوەکە، کە ئاراستەی وەزارەتی کارەبا کراوە، دیاری دەکات ئەم کرێیە لە یەکی تشرینی دووەمی 2026ەوە هەژمار بکرێت و تا کاتی کۆتاییهاتنی پچڕان و جێگیربوونی کارەبا بەردەوام بێت.

لە دەقەکەدا هاتووە، هەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی پچڕانی کارەبای نیشتمانی مۆلیدەی تایبەت بەکاردەهێنن و لە بەرامبەردا پارە لە دانیشتووان وەردەگرن. بۆ ڕێکخستنی ئەم بابەتە، خشتەیەکی کرێی مانگانە ئامادە کراوە کە تێچووی سووتەمەنی، ڕۆن، کارپێکەر و خەرجییە پەیوەندیدارەکانی مۆلیدە لەبەرچاو دەگرێت.

بەپێی خشتەی هاوپێچ، شووقەیەکی تا 100 مەتر دووجا لە هەولێر و دهۆک مانگانە 20 هەزار دینار دەدات، لە بەرامبەردا هەمان ڕووبەر لە سلێمانی و هەڵەبجە حەوت هەزار دینارە. بۆ شووقەیەکی 101 بۆ 150 مەتر دووجاش، کرێکە لە هەولێر و دهۆک 29 هەزار دینار و لە سلێمانی و هەڵەبجە 10 هەزار دینار دیاری کراوە.

کرێی شوقەیەکی زیاتر لە 200 مەتر دووجا لە هەولێر و دهۆک 48 هەزار دینار و لە سلێمانی و هەڵەبجە 16 هەزار دینارە. خشتەکە نرخە جیاوازەکانی ڤێلا و یەکە بازرگانییەکانیش لەخۆ دەگرێت.