
ڕۆژنامەی ئەلمەدا ڕایگەیاندووە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بڕیاری چوونە ناو جورف سەخر پاشگەز نەبووەتەوە و بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وتووە، یان هێزە حکومییەکان دەچنە ناو ناوچەکە، یان وردەکاریی دۆسییەکە بۆ میدیا ئاشکرا دەکات، یان دەست لەکار دەکێشێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی تشرینی دووەم، سەرچاوە نزیکەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوە دەڵێن زەیدی ئەو پێشنیازانەی رەتکردووەتەوە کە بە کشانەوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆتایی نایەن. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، مۆڵەتی کشانەوە تا هەینییە و پلانی چوونەژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ شەممە دانراوە.
ئەلمەدا لە زاری سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، نووسیویەتی هەڕەشەکانی زەیدی سەرکردە شیعەکانی خستووەتە بەردەم دۆخێکی سەخت، چونکە نیگەرانن وردەکارییەکان ئاشکرا بکرێن، هاوکات نایانەوێت ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی حکومەت، وەک پاراستنی تێوەگلاوانی قاچاخکردنی نەوت لێک بدرێتەوە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها لە زاری هەمان سەرچاوە دەڵێت، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەیان بە گواستنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکە بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا کردووە.
لە بەرامبەردا، ئەبو تاڵب سەعیدی، سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، دوێنێ لە گەشتێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جورف سەخر بە ئاژانسی فەڕەنسیی وتووە، گرووپەکە لە ناوچەکە ناکشێتەوە، بەڵام هاوکات جەختی لە لەوە کردەوە ناهێڵن شەڕ ڕووبدات. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، حکومەت بە فەرمی کاتی کۆتایی مۆڵەتەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی هەینیی دیاری کردووە.
گرژییەکان دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قاچاخکردنی نەوت لە جورف سەخر پەرەیان سەند. دوێنێ لیژنەی دادوەریی تایبەت بە دۆسیەکە سەردانی ناوچەکەی کردووە بۆ پشکنینی شوێنەکان و دیاریکردنی پێشێلکارییەکان.